چوارچێوەی هەماهەنگی دوو لیژنەی بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ پێکهێنا
راهۆز
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کۆبوونەوەی خۆی رایگەیاند، نیازیان هەیە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکبهێنن و بۆ ئەو مەبەستەش دوو لیژنەیان پێکهێناوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق.
لە راگەیەندراوێکدا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوە کردەوە کە کار دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی شایستە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دەستوریی خۆیدا و رایانگەیاند: "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکدەهێنین و کاندیدی سەرۆکی حکومەت بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەکەین."
بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوو لیژنەی پێکهێناوە کە ئەرکەکانیان بەم شێوەیەیە:
-
لیژنەی یەکەم: تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر شایستە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی دیدگایەکی یەکگرتوو بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی داهاتوودا.
-
لیژنەی دووەم: ئەرکی چاوپێکەوتن دەبێت لەگەڵ کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک وەزیران، بەپێی پێوەرە پیشەیی و نیشتمانییەکان.
چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیکردەوە کە دەبێت بەرنامەی حکومەتی داهاتوو لەگەڵ ئاڵنگارییە سیاسی، ئابوری و خزمەتگوزارییەکاندا بگونجێت و خواستی هاووڵاتیان بۆ چاکسازی، سەقامگیری و گەشەپێدان بەدیبهێنێت.
هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد، "هاوکاریی هەمەلایەنەی نیشتمانی" کلیلی تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو و چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسییە لە وڵاتدا.



