سبەینێ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رادەگەیەنێت.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، سبەینێ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رادەگەیەنرێت، وتیشی، لەو بنكانەی دەنگدان كە پێشتر دەنگەكان یەكلایی نەكرابوونەوە، ژماردنی ئەلیكترۆنی و دەستی 100% هاوشێوە بوون.

جومانە غەلای راشیگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ماوەی سێ رۆژ دەرفەت دەدرێتە كاندید و لیستەكان بۆ تانەدان لە ئەنجامی كۆتایی.

پێستریش، نەبەرد عومەر سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان  بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی 28 سكاڵا تۆماركراون، بە جۆرێك لە دەنگدانی تایبەتدا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك شەش سكاڵا تۆماركراون و هەردوو سكاڵایەكیش لە یەك بازنە تۆماركراوە، لە دەنگدانی گشتیش 22 سكاڵا  تۆماركراون، كە 10یان لە هەولێر و سیانیان لە سلێمانی و نۆیان لە دهۆك تۆماركراون.