كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران 102 سكاڵا تۆماركراون.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە رۆژی دەنگدانی تایبەت 43 سكاڵا تۆماركراون و لە رۆژی دەنگدانی گشتیش 59 سكاڵا تۆماركراون، بەوەش كۆی گشتی ئەو سكاڵایانەی لە رۆژانی هەڵبژاردن تۆماركراون گەیشتووەتە 102 سكاڵا.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشی سكاڵا و تانەی كۆمسیۆن دەستیكردووە بە پۆلێنكردنی ئەو سكاڵایانە و زۆرینەی سكاڵاكانیش  لە جۆری سكاڵای زەرد پۆلێنكراون و بەهۆی نەبوونی مەرجی رەسمی و گرنگ تێیاندا و پێویستە رەت بكرێنەوە.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشدا، ئەو سكاڵایانەش  كە لە جۆری سكاڵای سەوز ن، بریتین لە  پێشێلكاری  لەلایەن كارمەندانی كۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەكان كە لە رۆژانی هەڵبژاردن ئەنجامدراون، بەڵام هیچ كام لەو پێشێلكارییانە كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەبووە.