مەسعود پزیشکیان: بەڕێوەچونی شکۆمەندانەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، نیشانەی گەورەیی گەلی عیراقە
بڵند
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا، سەرۆک کۆماری ئێران، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: بەڕێوەچوونی شکۆدارانەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نیشانەی گەورەیی و تێگەیشتنی هاووڵاتییانە و دەستکەوتێکی بەنرخ و سەرچاوەی بەرزی متمانەی گەلی عیراقە.
ئەمڕۆ هەینی، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ محەمد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد و بە دەستکەوتێکی بەنرخ و سەرچاوەی بەرزکردنەوەی متمانە و گەورەیی گەلی عیراقی وەسف کرد.
پزیشکیان هیواشیخواستوە، دوای هەڵبژاردنەکان و لە داهاتوودا پەیوەندی و هاریکاری نێوان ئێران و عیراق لە هەموو بوارەکاندا، بەشێوەیەکی رێکخراو و قووڵتر لە چاو رابردودا فراوانتر و باشتر ببێت.
لە بەرانبەردا سەرۆک وەزیرانی عیراق وێڕای بەرز نرخاندنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و پیرۆزبایی سەرۆک کۆماری ئێران سوپاسی کردوە و رایگەیاندوە؛ لەم هەڵبژاردنانەدا گەلی عیراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆیان بەو ئەزموون و سیستەمی دیموکراسییەی بەدەستیان هێناوە نیشانداوە، ئومیدیشی کردوە، کە دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەری بنیاتنەری هەبێت لەسەر بەردەوامیی رێبازی بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی عیراق لە چاو ساڵانی رابردوودا.



