مەکتەبی سیاسی یەکیتی لە بەغداد پیرۆزبایی لە دەنگدەرانی بەغداد دەکات و دەڵێت: ئەم سەركەوتنە بەرهەمی هەوڵ و خەبات تێكۆشانی زۆری ئێوە و ئیرادەی بەرزتانە تاوەكو دەنگی كوردی بەغداد  لەپەرلەمان ببیسترێت.

نزار ئامێدی، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  لە بەغداد، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی جەماوەری یەکێتی  لە بەغداد دەكات، كە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە وە  بەشداری كارایان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان كرد و پاڵپشتی بەهێزیان بۆ پڕۆژەی یەكێتی دووپاتكردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی بەشداری  زۆر و بەرچاویان  لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق  و پاڵپشتییەكی گەورەیان بۆ كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بەدەستهێنا، د. ئایات ئەدهەم حسێن بێك سوورە میری، بە متمانەی دەنگدەران  و بەشایستەیی و دەنگی خۆی كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

جەختیشیکردەوە، ئەو سەركەوتنە بەرهەمی هەوڵ و خەبات تێكۆشان و ئیرادەی لایەنگرانی یەکێتییە، تا دەنگی كوردی بەغداد  لەپەرلەمان ببیسترێت، هەروەها دووپاتان كردەوە كە كوردی بەغداد بەشێكی دانەبڕاو و كارای پێكهاتەی رەسەنی نەتەوەیی عیراقە، هاوکات پابەندبوونی خۆتان  دووپاتكردەوە، بە بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رێبازی سەرۆك  مام جەلال تاڵەبانی لە داكۆكیكردن لە ماف و دادپەروەری و بەشداری راستەقینە لە بنیاتنانی وڵاتدا.

نزار ئامێدی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی سەرجەم بازنەكانی  رێكخستن و كادیرانی حزب لە بەغداد و هێزە ئەمنییەكان دەکات، كە هەوڵێكی یەكجار زۆریان خستەگەڕ و بەشداری كاریگەرانەیان كرد لە سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا، رۆڵێكی دیاریان هەبوو لە بەدەستهێنانی ئەو سەركەوتنە و بەدەستكەوتێكی بەنرخی دادەنێن .

وتیشی،  پیرۆزبایی لە د.ئایات ئەدهەم دەكەین بۆ ئەو سەركەوتنە شایستەیە و بۆ جەماوەری دووپات دەكەنەوە كە بەوەفا دەبن بۆ ئەم بە دەنگەوەهاتنەیان و بەردەوام دەبن لە كاركردن بۆ ئایندەیەكی باشتر بۆ هەڤاڵەكانیان لەبەغداد.