رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتیی عیراق گەیشتە 56.11٪
راهۆز
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە 99.98٪ی کۆی وێستگەکانی دەنگدانەوە بەدەستهاتوون، رێژەی گشتیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ساڵی 2025 گەیشتە 56.11٪.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماری 99.98٪ی کۆی وێستگەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ بەپێی ئامارەکان، لە کۆی 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە، 12 ملیۆن و 9 هەزار و 453 کەس بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە.
وردەکاریی دەنگدانەکان بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن:
- دەنگدانی گشتی: رێژەی بەشداری 54.35٪ بووە، کە تێیدا 10 ملیۆن و 904 هەزار و 637 دەنگدەر لە کۆی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەس دەنگیان داوە.
- دەنگدانی تایبەت (هێزە ئەمنییەکان): رێژەی بەشداری 82.52٪ بووە، کە تێیدا یەک ملیۆن و 84 هەزار و 289 کەس لە کۆی یەک ملیۆن و 313 هەزار و 980 کەس دەنگیان داوە.
- دەنگدانی ئاوارەکان: رێژەی بەشداری 77.35٪ بووە، کە تێیدا 20 هەزار و 527 کەس لە کۆی 26 هەزار و 538 کەس دەنگیان داوە.
رێژەی بەشداری لە پارێزگاکاندا:
رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیدا بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە:
دهۆک: 76.07٪
هەولێر: 69.02٪
سەڵاحەدین: 66.44٪
ئەنبار: 65.93٪
نەینەوا: 64.07٪
کەرکوک: 64.12٪
سلێمانی: 56.87٪
دیالە: 55.49٪
بەغدا-کەرخ: 53.27٪
بەسرە: 50.21٪
موسەننا: 49.79٪
بابل: 49.82٪
قادسیە: 48.39٪
زیقار: 47.94٪
واست: 46.76٪
کەربەلا: 46.13٪
نەجەف: 42.70٪
بەغدا-رەسافە: 41.55٪
میسان: 40.11٪



