كەشناسی: شەپۆلێكی بارانبارین چەند ناوچەیەكی عیراق دەگرێتەوە
هەساو ئەمیر
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
دەستەی باڵای كەشناسیی عیراق پێشبینی نوێی بۆ كەشوهەوا بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، شەپۆلێكی بارانبارین روو لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق دەكات و تاوەكو رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، هەروەها لە بەشێكی ناوچە شاخاوییەكان بەفرێكی كەم دەبارێت.
دەستەی باڵای كەشناسیی عیراق رایگەیاند، لەمڕۆوە رەشەبا چەند ناوچەیەكی عیراق دەگرێتەوە و خێراییەكەی لە ئێواران و بەیانیاندا زیاد دەكات، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم رەشەبایە بەشێكە لەو شەپۆلە بارانبارین و سەرمایەی كە بەرەو عیراق دێت.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی عیراق، لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە شەپۆلێكی بارانبارین چەند ناوچەیەكی عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاویی و بەرزەكاندا زیاتر دەبێت، هەروەها لە بەشێكی ناوچە شاخاوییەكاندا بەفرێكی كەم دەبارێت.
كەشناسیی ئەوەشی خستووەتە روو، بەپێی پێشبینییەكان پلەكانی گەرما وردە وردە نزمتر دەبنەوە و ئەو شەپۆلی سەرما و بارانبارینە تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.



