ئەمڕۆ شەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، سەردانی بارەگای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بوو بۆ رۆژی دەنگدان.

لەکاتی سەردانەکەیدا، سەرۆک کۆمار لەگەڵ دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و ئەندامانی ئەنجومەن، بە ئامادەبوونی محەمەد حەسەن، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق، کۆبووەوە.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگیی ئاسانکاریکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردن بۆ هاووڵاتیان و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان. هەروەها رایگەیاند، "رەوتی دیموکراسی لە عیراقدا دەبێت بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی راستگۆیانە بەردەوام بێت بۆ بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی گەلەکەمان، لە رێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفافەوە کە رەنگدانەوەی ئیرادەی راستەقینەی دەنگدەر بێت."

ناوبراو داوای لە عیراقییەکان کرد بە شێوەیەکی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و مافی دەستووریی خۆیان بەکاربهێنن، چونکە ئەم بەشدارییە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

نەتەوە یەکگرتووەکان: چاوی جیهان لەسەر عیراق دەبێت:

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد حەسەن، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپاسی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری کرد و بە بەڵگەی پەرۆشیی ناوبراوی بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد لە قەڵەمدا.

محەمەد حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوی جیهان لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمدا رووی لە عیراق دەبێت، لە رۆژێکدا کە وێستگەیەکی چارەنووسسازە لە مێژوو و داهاتووی وڵاتەکەدا،" جەختیشیکردەوە کە هەڵبژاردنەکانی عیراق بە یەکێک لە سەربەخۆترین پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنرێت.

کۆمیسیۆن: بە تەواوی ئامادەین

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک کۆمار "شەرەفێکی گەورەیە" بۆ کۆمیسیۆن و لە قۆناغێکی هەستیاردا دێت کە گرنگیپێدانی سەرۆکایەتیی کۆمار بە رەوتی پرۆسەی هەڵبژاردن نیشان دەدات.

دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد روونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ رۆژی دەنگدان پێشکەشکرد و دواتر سەرۆک کۆمار ئاگاداری جێبەجێکردنی تاقیکردنەوەیەکی تەواوی پرۆسەی دەنگدان (محاکات) بوو، کە سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکەی لەخۆگرتبوو.

لە کۆتاییدا، سەرۆک کۆمار خۆشحاڵیی خۆی بە ئاستی رێکخستن و رێکارەکان دەربڕی و متمانەی خۆی نیشاندا کە ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی هەڵبژاردنێکی ئازاد کە خواستەکانی عیراقییەکان بۆ داهاتوویەکی باشتر نیشان بدات.