خوێندنەوەیەک بۆ وتاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە زمانی عەرەبی
راهۆز
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
د. حەیدەر بەرزنجی توێژەر لە کاروباری سیاسی و سەرۆکی دامەزراوەی "نارام سین" بۆ دیالۆگ و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە بیری سیاسیی ئیسلامیدا، لە وتارێکدا تیشک دەخاتە سەر گرنگی وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی و بە راگەیاندنی سەردەمێکی نوێی سیاسی ناوی دەبات.
دەقی وتارەکە:
وتارە دواییەکەی بافڵ تاڵەبانی بە زمانی عەرەبی، هەنگاوێکی سەرنجڕاکێش بوو لە کات و ناوەڕۆکدا، پەیامی ئاراستەی هەموو عیراقییەکانی دەکرد و تەنها لە چوارچێوەی جوگرافیای کوردیدا قەتیس نەبوو. ئەم دەرکەوتنە رەنگدانەوەی ئاراستەیەکی نوێیە لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بەرەو بەهێزکردنی ئامادەیی خۆی لە دیمەنی سیاسیی فیدراڵیدا، هەروەها داڕشتنەوەی رۆڵی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە دەوڵەتی عیراقدا.
ئەو شێوازەی تاڵەبانی لە وتارەکەیدا بەکاریهێنا ئارام بوو، بەڵام راستەوخۆ بوو، هەروەها سوور بوو لەسەر جەختکردنەوە لە هاوبەشی، یەکێتیی چارەنووس و رێزگرتن لە فرەیی، لەگەڵ دەرخستنی رۆڵی سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانی لە پاراستنی سەقامگیریی عیراق لە قۆناغە سەختەکاندا.
روون بوو کە یەکێتیی نیشتمانی خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی دیارترین کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە پشتبەستن بە میراتێکی سیاسی و مێژوویی درێژ، و ئەمجارە بەنیازە بە متمانەوە هەنگاو بنێت دوور لە بژاردەی "کاندیدە یەدەگەکان" یان سازشەکانی دوا سات. لە سۆنگەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان و دروستبوونی رێککەوتنی جیاواز.
ئەم وتارە ناتوانرێت تەنها وەک پەیامێکی راگەیاندن سەیر بکرێت، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی سیاسیی نوێیە، کە یەکێتیی نیشتمانی تێیدا هەوڵدەدات پێگە سروشتییەکەی خۆی لە هاوکێشەی نیشتمانیدا بەدەستبهێنێتەوە.



