سەرۆک کۆمار دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، گەڕایەوە وڵات
راهۆز
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ سێشەممە، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، دوای سەردانێکی رەسمی بۆ دەوڵەتی قەتەر و بەشداریکردنی لە کارەکانی دووەمین لووتکەی جیهانیی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، گەڕایەوە وڵات.
سەرۆک کۆمار لە لووتکەکەدا کە لە دەوحەی پایتەخت بەڕێوەچوو، وتارێکی گرنگی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
هەروەها تەئکیدی لە پێویستیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان کردەوە بەمەبەستی باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵگاکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا.
لە وتارێکی دیکەدا، سەرۆک کۆمار بەناوی "گروپی 77 و چین"ـەوە قسەی کرد و هەڵوێستی گروپەکەی سەبارەت بە پرسەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئەولەویەتەکانی وڵاتانی گەشەسەندوو لەم بوارەدا خستەڕوو.
لەسەر پەراوێزی لووتکەکەشدا، سەرۆک کۆمار لەگەڵ ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان کۆبووەوە و رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاریی هاوبەشیان تاوتوێکرد.



