زیاتر لە 300 چاودێری نێودەوڵەتی و هەزار و 500 رۆژنامەنووس روماڵی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەن.

حەسەن سەلمان راوێژكاری یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، 304 كەس وەك چاودێری نێودەوڵەتی دیاریكراون و بەسەر حەوت باڵیۆزخانە و رێكخراو و پەیمانگای نێودەوڵەتی دابەش دەكرێن، پێشبینیشی كرد كۆمكاری عەرەبی و نەتەوە یەكگرتووەكان بەشدار بن لە چاودێریكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

حەسەن هادی زایر ئەندامی تیمی راگەیاندنی كۆمیسیۆنیش دەڵێت، ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسە ناوخۆییانەی بۆ روماڵی هەڵبژاردن تۆماركراون هەزار و 350 رۆژنامەنووسە، ژمارەی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیش 200 رۆژنامەنووسە كە روماڵی هەڵبژاردن دەكەن، وتیشی، ئامادەكارییە ئەمنی و لۆجستییەكان بۆ گرەنتیكردنی هەڵبژاردن بەردەوامە.