سودانی: لەژێر فشاری ئەمریكادا هەوڵێك هەیە بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان
یەحیا
٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، دەوڵەت بەڵێنی داوە هەموو چەكەكانی دەرەوەی خۆی بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام ئەوە سەركەوتوو نابێت تا ئەو كاتەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە وڵاتەكەدا بمێنێتەوە.
دەشڵێت، هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە چەك لە دەرەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت نەمێنێ و پلانێكیش هەیە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تا مانگی ئەیلولی 2026 لە عیراق بكشێتەوە.
سودانی ئاماژە بەوەش دەكات، عیراق هەوڵدەدات رێگەیەك بۆ چەكداماڵینی گروپەكانی سەر بە ئێران لەژێر فشاری ئەمەریكادا بدۆزێتەوە كە ئێستا لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدان.
هەروەها بەدووری زانیوە عیراق بخزێنرێتە ناو هیچ شەڕێكەوەو دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە عیراقدا بوونیان هەیەو پەرە بە كێڵگە نەوتی و غازییەكان دەدەن.
سودانی باسی لەوەشكردووە، عیراق ساڵانە بە بەهای پێنج ملیار دۆلار غاز دەسوتێنێت و بە بەهای چوار ملیار دۆلاریش غاز هاوردە دەكات، ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەیە، وەك خۆی دەڵێت، تا كۆتایی ساڵی 2027 هاوردەكردنی غاز لە ئێران رادەگرن.
هەروەها سودانی پێشبینی كردووە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و بۆ خوولی دووەم لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
بە بڕوای سودانی، لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری دەنگدەران پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردوو، بەرز ببێتەوە.



