مۆزەخانەی لۆڤەر: لە حەوت خولەکدا گەوهەر و خشڵەکانی ناپلیۆن دزران
راهۆز
١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لۆران نۆنیز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە لە هێرشیکی چەکداریدا بۆ سەر مۆزەخانەی لۆڤەر ژمارەیەک خشڵ و گەوهەری بەناوبانگ، کە"بەهایان نەخەمڵێنراوە" دزران.
لۆران نۆنیز، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "فەرەنسا ئەنتەر"، روداوەکەی لۆڤەری وەک "دزییەکی گەورە" وەسف کرد. وتیشی کە دزەکان لە دەرەوەی مۆزەخانەکەوە چوونەتە "هۆڵی ئەپۆلۆ" و دزییەکەیان ئەنجامداوە.
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختی لەوەشکردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە مۆزەخانەی لوڤەر روینەداوە و وتیشی: دوور نییە تاوانباران بیانی بن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پڕۆسەی دزییەکە لە نێوان کاتژمێر 9:30 بۆ 9:40خولەکی بەیانی رویداوە.
نووسینگەی داواکاری گشتیی پاریسیش رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی لە "دزیی رێکخراو و پیلانگێڕیی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان" دەستپێکردووە.
ماڵپەڕی "بی ئێف ئێم تی ڤی"ی فەرەنسی رایگەیاند: "دزەکان گەوهەر و خشڵیان برد، بە تایبەت، پێش ئەوەی هەڵبێن شوێنی نمایشی گەوهەرەکانی ناپلیۆن و هەندێک لە پاشا فەرەنسییەکانیان کردبووە ئامانج."