رۆژنامەی "سەن"ی بەریتانی بە پشت بەستن بە شارەزایانی هەواڵگریی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ئێران لە هەوڵی خۆبەهێزکردنەوەدایە و رەنگە ئەمە ئامادەکارییەک بێت بۆ خوێی نوێی شەڕ وپێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل.

رۆژنامەکە لە زاری ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیلەوە رایەگیاندوە، تاران دوای لاوازبوونی هێزەکانی بە وەکالەت لە لوبنان، سوریا و غەززە، هەوڵدەدات دەرفەتی ئێستای بۆ بەهێزکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت.

جەختیکردوەتەوە لەوەی کە ئێران هەرگیز دەستبەرداری ئامانجی کۆتایی خۆی نابێت کە لە ناوبردنی ئیسرائیل و بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییە.

جیا لە بەهێزکردنەوەی خۆی، رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردوە، تاران لەهەوڵدایە حەماس پڕچەکبکاتەوە، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ترەمپ و ناتانیاهۆ رایانگەیاند، ئەگەر حەماس چەک دانەنێت بەزۆر چەکی پێدادەنێن و  کۆتایی هاتنی شەڕی غەززەش پەیوەستە بە پرسی چەکدانانی حەماسەوە.