کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
راهۆز
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دەستەی گشتی کەشناسی و چاودێری بوومەلەرزەزانی عیراق، پێشبینییەکانی خۆی بۆ چەند رۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی باکووری وڵات دەگرێتەوە.
بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (12ی تشرینی یەکەم)ەوە، پێشبینی دەکرێت بارانێکی سوک بە لێزمەی هەورەبروسکەوە دەست پێبکات. ئەم بارانبارینە لە هەندێک ناوچەی شارەکانی باکوری عیراق پچڕپچڕ دەبێت و پێشبینی دەکرێت تا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
ئەمەش بە نیشانەی دەستپێکردنی یەکەم وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دادەنرێت، کە چاوەڕێ دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاستی ئاوی روبارەکان و گشتی کەشوهەوای ناوچەکە هەبێت.



