سەرۆک کۆماری عیراق: چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان پێویستییە بۆ دڵنیابوون لە پاک و بێگەری پڕۆسەکە
بڵند
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، بەشداریکرد لە کۆڕبەندێکی گفتوگۆیی بەرفراواندا بە ناوی (چاودێری هەڵبژاردنەکان.. دڵنیابوون لە پاک و بێگەردییان) و رایگەیاند؛ هەڵبژاردنەکانی عیراق جێگەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییە و پێویستە پارێزگاری لە هەڵبژاردنێکی پاک و دور لەدەستێوەردان بکرێت .
ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق بەشداری کرد لە کۆڕبەندێکی گفتوگۆیی بەرفراوان بە ناوی (چاودێری هەڵبژاردنەکان.. دڵنیابوون لە پاک و بێگەردییان) کە لەلایەن دەستەی راوێژکاران و شارەزایان لە سەرۆکایەتی کۆمار رێکخرابوو بۆ پاڵپشتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
لە کۆڕبەندەکەدا نوێنەرانی تۆڕەکانی چاودێری نیشتمانی هەڵبژاردنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق ،(UNAMI) مامۆستایانی زانکۆکان و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و یاساناسان تێیدا ئامادەبوون.
لە کۆڕبەندەکەدا گفتوگۆ لەسەر رۆڵی چاودێری نیشتمانی لەسەر هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییەکەی لە بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامێکی پاک و بێگەرد و شەفاف کرا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی چاودێری نیشتمانی کرد، وەک ئامرازێکی پێویست بۆ دڵنیابوون لە پاک و بێگەردی هەڵبژاردنەکان؛ کە بەشداری دەکات لە هاندان بۆ بەشداریکردنی هێزە سیاسییەکان و کاندیدان و دەنگدەران.
روونیشی کردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار کۆمەڵێک راسپاردەی پێشکەش کردووە کە لەلایەن چوار سەرۆکایەتییەکەوە ئیمزا کراوە و لە پێشنیازەکاندا جەختی کردوەتەوە لە دڵنیابوون لە پاک و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەران، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە پەسەند کران و خراونەتە ناو سیستەمەکەیانەوە
سەرۆک کۆمار جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە لە کاتی خۆیدا و ئاماژەی بەوەکرد؛ دڵنیابوون لە پاک و بێگەردی دوو ئامانجی سەرەکین کەخوازیارە بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێبکرێت و هەڵبژاردنەکانی عیراق جێگەی بایەخی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمین و پێویستە پارێزگاری لە سەلامەتی و پاک و بێگەردییان بکرێت.
هەروەها ستایشی هەوڵەکانی تۆڕەکانی چاودێری هەڵبژاردنەکان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و کارمەندانی کرد بۆ ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانیان لە کاتی دیاریکراودا،رۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لە عیراق (UNAMI) بەرزنرخاند بۆ ئەو هەوڵە گەورانەی کە پێشکەشی دەکەن بەمەبەستی بەڕێوەچونی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی پاک و بێگەر و دور لە دەستێوەردان.



