سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، عیراق دەستپێشخەری كردووە بۆ داخستنی كەمپی هۆل و ئەو قەیرانەی لە كەمپەكە هەیە جیهانییە و پێویستە كۆمەڵگەی مەدەنی هەنگاوی بۆ بنێت.

د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارێكدا كە لە پێگەی سی ئێن ئێنی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، هەفتەی رابردوو عیراق كۆنگرەیەكی لە بارەی كەمپی هۆل لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی گشتی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك ئەنجامداوە و كۆنگرەكە بانگەوازێكە بۆ ئەوەی هەموو لایەك بەرپرسیارێتی هاوبەش بگرنەئەستۆ لەبارەی قەیرانە مرۆیی و ئەمنییەكان كە جیهان پشتگوێی خستوون. 

دەشڵێت، كەمپی هۆل لە رۆژهەڵات و باكوری سوریا بووەتە ژینگەیەكی ترسناك كە 10 هەزار توندڕەوی 60 وڵات لەگەڵ خێزانەكانیان تێیدا كۆبونەتەوە، بەڵام كۆمەڵگەی مەدەنی شكستی هێناوە لە چارەسەركردنی لێكەوتەكانی جەنگ  و تیرۆر و ئاوارەبوون. 

سەرۆك كۆمار راشیگەیاند، عیراق دەستەوەستان نەوەستاوە و قورسترین هەنگاوی ناوە و تائێستا چوار هەزار و 915 خێزان كە دەكاتە 18 هەزار و 830ی عیراقی لە كەمپەكە گەڕاندوەتەوە لەپێناو داخستنی كەمپەكە. 

وتیشی، قەیرانی كەمپی هۆل لە ئەستۆی عیراق و سوریا نییە و بەشێوەیەكی هەڵە لەلایەن جیهانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و ئەو منداڵانەشی لە كەمپەكە گەورە دەبن بەركەوتەی توندڕەویی دەبن.

سەرۆك كۆمار جەختی لەوەكردەوە، بەستنی كۆنگرەكە هەنگاوێكە بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی تیرۆر.