راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕی قەرزەكانی عیراق ئاشكرادەكات و دڵنیاییش لەبارەی دانەوەیان دەدات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی و ئابوری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، كۆی قەرزە دەرەكییە نەدراوەكانی عیراق كەمتر لە 20 ملیار دۆلارە و نیوەی ئەو قەرزانەش تا ساڵی 2028 دەدرێنەوە.

راوێژكاری دارایی سودانی لەبارەی دانەوەی قەرزەكانەوە دڵنیاییدا، و رایگەیاند، لە بودجەی گشتی فیدراڵیدا برێك پارە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دابینكراوە

وتیشی: ئەو لێدوانانەی باس لە نقوومبوونی عیراق لە قەرزدا دەكەن دوورن لە راستیەوە و حكومت پلانی تۆكمەی بۆ دانەوەیان هەیە.

باسی لەوەشكرد، قەرزی ناوخۆییش بڕەكەی نزیك دەبێتەوە لە 92 ترلیۆن دینار كە ئەویش بە شێوازێكی پیشەیی لەلایەن بانكە حكومیەكانەوە كاری لەسەر دەكرێت و بەشێكی زۆریشی وەبەرهێنانی تێدادەكرێت.