موقتەدا سەدر خۆپیشاندان و گردبونەوەی لە لایەنگرانی قەدەغەکرد
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
موقتەدا سەدر، سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە، بە نوسراو گردبونەوە و خۆپیشاندانی قەدەغەکرد و رایگەیاندوە؛ بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو دەرفەتە لە گەندەڵکاران و ڕێگریکردن لەو فیتنەیەی کە بەدوایدا دەگەڕێن، هەموو خۆپیشاندانێکی چەکداری و بێ چەک قەدەغەیە .
ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكی دەستنوسیدا، موقتەدا سەدر رایگەیاندوە؛ هەموو گردبونەوە و خۆپیشاندانێک قەدەغەیە لە ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی نیشتمانی شیعە کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، مەبەستی سەرەکی ئەم بڕیارەی قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی چەکدارییە لە ناو سەرایای سەلام و دورکەوتنەوەیە لە نانەوەی فیتنە و ئاژاوە.
سەدر هۆکاری ئەم فەرمانەشی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە، کە گەندەڵکاران بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ نانەوەی فیتنە لە وڵاتەکەدا.
سەرایا سەلام ڕێکخراوێکی چەکداری شیعەن لە عیراق و سەر بە رەوتی سدرن و لەژێر فەرمانی راستەوخۆی موقتەدا سەدردان.




