دوای 30 مانگ لە راگرتنی؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستیپێکردەوە. ئەمەش دوای رێککەوتنێکی نوێ دێت کە حکومەتی هەرێم، حکومەتی عیراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی پێکەوە گرێداوە.
دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە دانوستان و فشاری ئابووری، بەرپرسانی هەرێم و کۆمپانیای سۆمۆی عیراقی شاهیدی کردنەوەی قفڵی ئەو بۆرییانە بوون کە نەوتی کوردستانیان بۆ بەندەری جەیهان دەگواستەوە، ئەمەش وەک نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە هاوکاریی وزە.
بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ، عەلی نزار، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێککەوتنە تەنها چارەسەرێکی کاتی نییە و وتی: "ئەمە بناغەی رێککەوتنێکی درێژخایەنە کە کۆتایی بە ساڵانێک لە ناکۆکی دەهێنێت."
لەسەر بنەمای میکانیزمی نوێ، کۆمپانیای سۆمۆ بەرپرسیار دەبێت لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە سەرپەرشتیی دابەشکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان.



