وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم: لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکرێت
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکی کورتدا رایگەیاند کە پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتنێکی سێقۆڵی لەسەر میکانیزمی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش رێککەوتنی سێقۆڵی نێوان هەردوو وەزارەت و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم رێککەوتن."
وەزارەتەکە دڵنیایی داوە کە "لە ماوەی ئەم 48 سەعاتەدا، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت."
ئەم پێشهاتە کۆتایی بە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەهێنێت کە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ـەوە بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی پاریسەوە وەستابوو.



