کۆمیسیۆن: هەر کاندیدێک سەرپێچی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بکات رووبەڕووی سزا دەکرێتەوە
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، لیژنەکان چاودێری هەرجۆرە سەرپێچییەک دەکەن ئەگەر لەلایەن کاندیدەکانەوە ئەنجامبدرێت و سزای سەرپێچییەکان هەر لە دوورخستنەوە تا بەندکردن دەگرێتەوە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە، لیژنە تایبەتمەندەکان، بۆئەوەی رێگر بن لە ئەنجامدانی سەرپێچی؛ چاودێری سەرجەم کاندیدەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکان چاودێری بانگەشەی پێشوەختەی کاندیدەکان و پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە شێواندنی بانگەشە دەکەن و هێزە ئەمنییەکان لەو هەڵمەتەدا هاوکاریان دەبن.
دەشڵێت، هەر کاندیدێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزا دەکرێتەوە، سزاکانیش خۆیان لە دوورخستنەوە و پێبژاردن، یان دەستبەسەرکردن و بەندکردندا دەبیننەوە. جەختیشیکردەوە لەوەی، سەرجەم ئەو هەڵمەتی چاودێرکردن و سزادانانە لەپێناو بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرددایە.



