سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: نزیکەی دوو ملیۆن خوێندکار بەشدارن لە پرۆسەکە.

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاندووە، تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026  ملیۆنێک و 954 هەزار خوێندکارن، هەروەها حەوت هەزار و 438 ناوەندی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 148 هەزار  مامۆستا لە ناوەندەکانی خوێندن وانە دەڵێنەوە و 33 هەزار فەرمانبەریش لە ناوەندەکانی پەروەردە هەیە.

وەزارەتی پەروەردە ئاشکراشیکردووە، نزیکەی 140 هەزار خوێندکاری نوێ پەیوەندی بە ناوەندەکانی خوێندن کردووە.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ ئەمساڵی خوێندن 22 ملیۆن و 134 هەزار کتێبی نوێ چاپکراون و گەیندراونەتە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردە، تێکڕای خوێندکاران بۆ ساڵی 2024-2025 یەک ملیۆن و 755 هەزار خوێندکاربوونە.