ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەغدادی پایتەخت، جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە گوهدار ئامێدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک کۆمار و هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە لەبارەی دۆخی ئەمنی عیراق ئەنجامدرا. هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامی و فراوانکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، رێگریکردن لە قاچاخچێتی و روبەروبوونەوەی تیرۆر.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عیراق و کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، کە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان. هەروەها، چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە ئارامی و سەقامگیری خرانەبەر باس و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.