سەرۆک وەزیرانی عیراق دەڵێت، ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشخستنی ئابوری عیراق لە قۆناغی داهاتوودا، هاوکات لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئاستی وەبەرهێنانی دەرەکی و عەرەبییەکان گەیشتووە 100 ملیار دۆلار.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەئاهەنگی رۆژی هاوبەشییەکانی نێوان دامەزراوەیی دارایی نێودەوڵەتی و حکومەتی عیراق رایگەیاند، حکومەت بڕوای بە داڕشتنەوەی ئابوری عیراق هەیە و کاریان کردووە بۆ پێشخستنی کەرتی ئابوری لە داهاتوودا.

وتیشی، پیرۆزبایی لە عیراقییەکان دەکەن بەبۆنەی ئیمزاکردنی گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی، کە مێژووی پەیوەندی و پڕۆژەیان لەگەڵیاندا هەیە، دەشڵێت، پشتیوانی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت بەردەوامە.

سودانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پێیان وایە کەرتی تایبەت هاوبەشێکی کاریگەرە لە رەخساندنی هەلی کار، هەروەها توانیویانە سەرمایەی بیانی رابکێشین و هانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بدەن.

سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاندووە، قەبارەی وەبەرهێنانە دەرەکی و عەرەبییەکان گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار، رونیشیکردەوە، کەرتی تایبەت هاوبەش و پشتیوانە لە گەیشتن بە دیدگاکەیان بۆ داڕشتنەوەی ئابوری.