لەپاش 1،296 رۆژ لە شەڕی روسیا - ئۆکراین  و هەوڵی نێوەندگیرەکان بۆ وەستاندنی ئەو جەنگە، زۆر روداوی خوێناوی تیایدا رویداوە، بەڵام ئەمەی خوارەوە، لیستی گرنگترین ئەو روداوە سیاسی و دبلۆماسییە نوێیانەیە کە رویانداوە.

شەڕ و پێکدادان

  • یەکەکانی دژە ئاسمانی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینیان خستەخوارەوە کە بەرەو مۆسکۆ دەچوون، ئەمەش بەپێی وتەی سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی پایتەختی روسیا.

  • وەزارەتی بەرگریی روسیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هێزەکانیان کۆنترۆڵی شارۆچکەی سۆسنیڤکایان لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسکی ئۆکرانیا کردووە.

  • بەپێی وتەی ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ؛ هێرشێکی "بەرفراوانی" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی، دەسەڵاتدارانی لە هەرێمی بێڵگۆرۆدی روسیا ناچار کرد فەرمان بە منداڵان بکەن لە ماڵەوە بمێننەوە، هاوکات قوتابخانە و سەنتەرە بازرگانییەکانیان داخست،

  • ئیدارەی دامەزراو لەلایەن مۆسکۆوە لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا، ئۆکراینیای تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر سەنتەرێکی راهێنان لە وێستگەکەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

ئاسایشی ناوچەیی

  • وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندا لەلایەن روسیاوە.

  • سەرۆکی ئۆکراین، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، داوای وەڵامدانەوەیەکی توندتری لە هاوپەیمانەکانی کیێڤ کرد بۆ ئەو پێشێلکارییەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە روسییەکە، وتیشی ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ ئامانج لێی خاوکردنەوەی گەیاندنی بەرگریی ئاسمانییە بۆ ئۆکراین پێش زستان.

  • سەرۆکی پۆڵەندا، کارۆل ناڤرۆتسکی، رایگەیاند کە پێشێلکاریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە روسییەکە هەوڵێک بووە بۆ تاقیکردنەوەی توانای پۆڵەندا و ناتۆ بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی.

  • کرملن رایگەیاند کە هیچ لێدوانێکی دیکە نادات لەسەر خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانەی کە وارشۆ دەڵێت روسی بوون.

  • سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند کە فەڕەنسا سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری رافاڵ دەنێرێت بۆ یارمەتیدانی پۆڵەندا لە پاراستنی ئاسمانەکەیدا.

  • ئەڵمانیا پابەندبوونی خۆی بە سنووری رۆژهەڵاتی ناتۆ بەهێزتر دەکات، لەنێویاندا فراوانکردنی "چاودێریی ئاسمانی بەسەر پۆڵەندا" لە وەڵامی پێشێلکاریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا.

هاوکاریی سەربازی:

  • کۆمپانیای زەبەلاحی چەکی ئەڵمانی، قاینمێتاڵ، پلانی هەیە گوللەی تۆپ بۆ هێزەکانی ئۆکراین لە کارگەیەکی داهاتوودا لە ئۆکرانیا بەرهەمبهێنێت، ئەمەش بەپێی وتەی وەزیری بەرگریی کیێڤ.

  • وەزارەتی بەرگریی سوید پلانی بۆ پشتیوانیی سەربازی بە بڕی 70 ملیار کرۆنی سویدی (7.5 ملیار دۆلار)  لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا راگەیاند.

سیاسەت و دیپلۆماسی

  • زیلێنسکی وتی کە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ نوێنەری ئەمریکا، کیث کێلۆگ، لە کیێڤ گفتوگۆیان کردووە لەسەر بەرهەمهێنانی هاوبەشی چەک و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا.

  • ئاژانسی هەواڵی بێڵتای حکومی رایگەیاند، نوێنەرێکی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بە سەرۆکی بیلاڕووس، ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی وتووە کە ئەمریکا دەیەوێت باڵیۆزخانەکەی لە مینسک بکاتەوە و پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە.

  • کرملن ریگەیاند کە سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین، هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا مانگی داهاتوو بەشداریی لوتکەی ئاپیک لە کۆریای باشوور دەکات یان نا.

سزاکان

  • چەندین ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لەنێویاندا هۆڵەندا، چیک و ئیسپانیا، باڵیۆز و کاربەڕێکەرانی روسیایان بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ئیدانەی رەسمی بەرامبەر بە پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندا.

  • وتەبێژێکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند کە کاتی سەپاندنی پاکێجی 19هەمی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بەسەر روسیادا هێشتا دیارینەکراوە.

  • رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە، ئەمریکا فشار دەخاتە سەر وڵاتانی G7 بۆ سەپاندنی باجی گومرگیی بەرزتر بەسەر هیندستان و چیندا بەهۆی کڕینی نەوتی روسیاوە.