دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند کە ئارامیی بەرامبەر ڤلادیمیر پۆتن، هاوتا روسییەکەی خەریکە تەواو دەبێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی مۆسکۆ کرد و ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزای توند بەسەر روسیادا کرد بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئۆکرانیاوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا رەتکردنەوەی روسیا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاقیکردنەوەی ئارامییەتی، ترەمپ وتی: "خەریکە تەواو دەبێت، و زۆر بەخێرایی تەواو دەبێت."

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە "هەردوو لا بەشداری بکەن" بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە چەندین ساڵە بەردەوامە.

وتیشی: "شتێکی سەرسوڕهێنەرە. کاتێک پۆتن ویستی بیکات (بگاتە رێککەوتن)، زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین نەیویست. کاتێکیش زێلێنسکی ویستی، پۆتن نەیویست."

لە کۆتاییدا ترەمپ درێژەی پێدا: "ئێستا زێلێنسکی ئارەزووی دەکات، لە کاتێکدا نیشانەیەکی پرسیار لەسەر پۆتن هەیە. ناچار دەبین رێوشوێنی زۆر توند بگرینەبەر."