ئێوارەی پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، زانکۆی سلێمانی لە مەراسیمێکی شایستەدا 40هەمین خولی دەرچووانی بەڕێکرد. لە مەراسیمەکەدا، کە لە یاریگای ناو کامپی زانکۆ بەڕێوەچوو، بڕوانامە بەسەر دەرچووانی19کۆلێژی جیاوازدا دابەشکرا.

لە کەشێکی پڕ لە خۆشی و هیوا بۆ داهاتوو، مەراسیمی دەرچووانی خولی 2024_2025ی زانکۆی سلێمانی دەستیپێکرد. سەرەتای مەراسیمەکە بە نمایشی میوزیکی لەلایەن تیپی مۆسیقای کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەستیپێکرد، دواتر کەژاوەی دەرچووان بەناو یاریگادا تێپەڕی و لەلایەن ئەنجومەنی زانکۆوە پێشوازییان لێکرا.

لە بەشێکی سەرەکیی مەراسیمەکەدا و بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عیراق، پڕۆفیسۆر دکتۆر کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بەپێی دەسەڵاتی زانستیی خۆی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەخشییە دەرچووانی نۆزدە کۆلێژی زانکۆکە، کە چەندین بەشی جۆراوجۆریان لەخۆگرتبوو.

ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە مەراسیمەکەدا جێگەی خۆشحاڵی و پێزانینی دەرچووان و کەسوکارەکانیان بوو، کە بە ڕوونی لە سیمای ئامادەبوواندا بەدیدەکرا.

لە وتەیەکدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتی، ئەنجومەن، مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی کرد. هاوکات، هیوای خواست کە حکومەت بتوانێت بەپێی پلانێکی تۆکمە و بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی کەرتی گشتی و تایبەت، دەرفەتی کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت تا بتوانن خەونەکانیان بهێننە دی.