هاکەرێکی تورک توانی دەستی بە ژمارە تەلەفۆنی تایبەتیی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، بگات و پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی کورتی لەگەڵدا ئەنجام بدات. دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی پەیوەندییەکە و ژمارە تەلەفۆنەکەی، وەزیرەکە رایگەیاند هەزاران نامەی رقئامێز و هەڕەشەی کوشتنی پێگەیشتووە.

هاککەرێکی تورک ژمارە تەلەفۆنی تایبەتیی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی دەستکەوت و لە رێگەیەوە پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵدا ئەنجامدا. رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاویکردەوە کە کاتز وەڵامی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەی داوەتەوە، بەڵام کاتێک هاککەرە تورکەکە دەستی بە جنێودان کردووە، وەزیری بەرگری دەستبەجێ هێڵەکەی داخستووەتەوە.

بەڵام هاککەرەکە توانیویەتی "سکرین شۆت"ێکی پەیوەندییەکە بگرێت و لەگەڵ ژمارە تەلەفۆنەکەی کاتزدا لەسەر ئینتەرنێت بڵاوی بکاتەوە.

بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، وەزیری بەرگری "بە هەڵە دەستی بە دوگمەی وەڵامدانەوەی پەیوەندیی هاککەرە تورکەکەدا ناوە، کە تەنها بۆ چەند چرکەیەکی کەم بووە." دوای ئەم روداوە، کاتز هەزاران نامەی رقئامێز و هەڕەشەی کوشتنی پێگەیشتووە.

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" ئاماژەی بەوەش کردووە کە کاتز بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەمان ژمارە تەلەفۆن بەکاردەهێنێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتریش ژمارەکەی دزەی پێکرابوو.

لەسەر ئەم روداوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا وتی: "گرووپی (توندڕەوی) رێکخراو لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانەوە پەیوەندی بە تەلەفۆنی تایبەتیی و نا-نهێنیی منەوە دەکەن و نامەی رقئامێز و هەڕەشە بەجێدەهێڵن."

لە کۆتاییدا بە هەڕەشەوە وەڵامی دانەوە و وتی: "با ئەوان بەردەوام بن لە پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن، منیش بەردەوام دەبم لە دەرکردنی فەرمانی لەناوبردنی سەرکردە تیرۆریستەکانیان."