تیروپشک بۆ هەڵبژاردنی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان دەکرێت
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
رۆژی یەك شەممەی داهاتوو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق تیروپشك بۆ هەڵبژاردنی كارمەندانی بنكەكانی دەنگدان دەكات.
ئەحلام جابری ئەندامی دەستەی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندوە، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆمسیۆن تیروپشك ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی ناوی كارمەندانی بنكەكانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەكارییە تەكنیكییە بەردەوامەكان بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
هەر بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەی سەباح، بۆ دەنگدانی تایبەت یان گشتی، پاداشتی كارمەندانی بنكە و وێستگكەكانی دەنگدان بۆ فەرمانبەرانی حكومەت و خوێندكارانی زانكۆ و دەرچووان جیاواز دەبێت، بەجۆرێك كە فەرمانبەران بۆ رێكخەری بنكە بڕی 300 هەزار دینار وەردەگرن، بۆ بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و 150 هەزار دیناریش بۆ كارماندانی وێستگەی دەنگدان.
بەڵام خوێندكاران و دەرچووان، 400 هەزار دینار بۆ ڕێكخەری بنكە و 300 هەزار دینار بۆ بەڕێوەبەری وێستگە و 250 هەزار دینار بۆ كارمەندان وەردەگرن.