لە میانی ئامادەبوونی لە سیمپۆزیۆمێک سەبارەت بە رۆڵی میدیا لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرۆک کۆمار رایگەیاند: عیراق شانازی دەکات بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات

بە پاڵپشتی و بەشداری د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دەستەی راوێژکاری و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ سیمپۆزیۆمێکی راوێژکاری لە کۆشکی سەلام لە بەغداد ، سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندن لە بەرەوپێشبردنی بەشداریکردن و یەکڕیزی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبرد.

لە میانی سیمپۆزیۆمەکەدا سەرۆک کۆمار هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و  هەوڵەکانی لە ماوەی ساڵێک بۆ ئامادەکردنی رێکارەکانی سازکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەی ڕوونکردەوە. ئەمەش لەڕێگەی سازکردنی چەند دیدارێک لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و محەمەد حەسان نوێنەری نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یونامی) بەدیهات. لە کۆبوونەوەکاندا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی کۆمسیۆن کرا، کە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەمو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ زاڵبون بەسەر ئاستەنگەکاندا.

سەرۆک کۆمار پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتکردەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە راستگۆیی و شەفافیەتێکی تەواوەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کارنامەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی لە زیاتر لە کۆبوونەوەیەک بەشێکی تایبەت بوە بە هەڵبژاردن و یەکڕیزی و لایەنیی تر و روونیشیکردەوە، لە کۆتا کۆبوونەوەدا بەڵگەنامەیەکی شەش خاڵی ئیمزا کراوە بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی هەڵبژاردن کە ئەم بەڵگەنامەیە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نێردراوە، کە لە بەرانبەردا ئەم بەڵگەنامەیەی خستە ناو سیستەمی هەڵبژاردنەکانییەوە. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە عیراق شانازی بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکات کە لە ساڵی 2004ەوە دەست پێکردووە و جەختیشیکردەوو لە پێویستی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ سەرخستنی بەتایبەت لە بەر رۆشنایی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە عیراق بەخۆیەوە دەبینێ. هەروەها شانازی بەوە دەکات کە شەش پرۆسەی هەڵبژاردنی تەواو کردووە کە پێنجیان بەپێی دەستور و یەکێکیان بەپێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت بووە. هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە سەر پێویستی کاری چوار سەرۆکایەتیەکە و دەزگا حکومی و ناحکومیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کە بە تەواوی ئامادە بن بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی شەشەمی هەڵبژاردن بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی گونجاو.

هاوکات سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر بەرپرسیارێتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە و ستایشی توانا و لێهاتووییەکانی کرد بۆ سازکردنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە کە دواهەمینیان هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو ، هەروەها تیشکیخستە سەر رۆڵی گرنگی راگەیاندن لە رووماڵکردنی هەڵبژاردن بە شەفافیەت و متمانەی تەواو، رایگەیاند کە راگەیاندن دەمی گەل و دەوڵەتە، ئەرکی ئەویش ئاشکراکردنی هەموو هەڵە کارەکانە و رەنگدانەوەی وێنەیەکی ئەرێنی هەڵبژاردنە.

سەرۆک کۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ پشتیوانی و بەرەوپێشبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاندانی دەنگدەران بۆ بەشداریکردن تێیدا ئامادە دەکات. روونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکەم چالاکییە، هەروەها بەرنامەکە بە وتاری تەلەفزیۆنی بۆ گەلی عیراق رۆژێک پێش هەڵبژاردن کۆتایی دێت.

لە سیمپۆزیۆمەکەدا گفتوگۆی بەرفراوان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان بەشداربووان کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ئامرازەکانی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکانیان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ویستی هەموو عێراقییەکان بکات بۆ سەقامگیری و پێشکەوتن.

لە سیمینارەکەدا دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و د.نەوفل ئەبو رغیف سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندی و راگەیاندن و موئەیەد لامی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق و د.ئەمیر ڕەیان سەرۆکی تیمی هەڵبژاردن لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و سەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و  نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق یان عەلام، و لە تۆڕی میدیایی عیراقی سەتار عەرداوی  ئامادەبون، جگە لەوەی رۆژنامەنووس و پەیامنێری ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندن ناوخۆیی و عەرەبی و بیانی و ژمارەیەک پسپۆڕی دیکە بەشداربون.