وەزارەتی بەرگری تورکیا: هەسەدە دەبێت تێکەڵی سوپای سوریا بێت
راهۆز
٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، پابەندنەبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە بەڵێنەکانی بۆ دانانی چەک و تێکەڵبوون بە دەوڵەتی سوریا، مەترسییەکی جددی لەسەر یەکپارچەیی سوریا و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست دەکات.
لە کۆتایی مانگی رابردووشدا، زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەوانی و پەیوەندییە گشتییەکان و وتەبێژی وەزارەتی بەرگری تورکیا، رایگەیاندبوو کە ئەنقەرە پشتگیری لە هەموو ئەو رێوشوێنانە دەکات کە حکومەتی سوریا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی خۆی دەیانگرێتەبەر.
وەزارەتی بەرگری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە هەسەدە پابەند بێت بە تێکەڵبوون بە سوپای سوریادا و دەستبەرداری هەر کارێک یان وتارێک بێت کە زیان بە یەکپارچەیی وڵات بگەیەنێت."
هەروەها وەزارەتی بەرگری تورکیا دوپاتی کردەوە کە "لە کاتی پێویستدا، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێویست پێشکەش بە سوریا دەکات، چ بۆ بەشداریکردن لە سەقامگیرکردنی یان بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی تورکیا."