وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئوسترالیا کەم کردەوە و رایگەیاند کە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە تاران دەرکراوە.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "هەنگاوی حکومەتی ئوسترالیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بێ پاساوە. ئێمە پێشوازی لەم کارە ناکەین، چونکە پێمان وایە هیچ پاساو و هۆکارێک بۆ ئەمە نەبووە و بە شێوەیەکی نەرێنی کار لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات."

ناوبراو وتیشی: "بەپێی نەریت و یاساکانی دیپلۆماسی و وەک وەڵامێک بۆ هەنگاوەکەی ئوسترالیا، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئوسترالیای لە ئێران کەم کردووەتەوە. باڵیۆزی ئوسترالیاش ئێران-ی جێهێشتووە."

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئوسترالیا رۆژی سێشەممە، بڕیاری دەرکردنی باڵیۆزی ئێرانی راگەیاند و سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، دوای ئەوەی تاران-ی بە ئەنجامدانی دوو هێرشی دژە جوولەکە لە وڵاتەکەدا تۆمەتبار کرد.

پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەم جارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئوسترالیا باڵیۆزێکی بیانی دەربکات.