روسیا:21 فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە چەند ناوچەیەک تێکشکێندران
راهۆز
٣١ی ئابی ٢٠٢٥
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازدا خستووەتە خوارەوە و تێکیان شکاندوون. ئەمەش دوای هێرشێکی شەوانەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین دێت.
وەزارەتی بەرگریی روسیا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، کە 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر ئاسمانی هەرێمی ڤۆلگۆگراد لە باشوری روسیا خراونەتە خوارەوە. پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیکەش، کە ژمارەیان 10 دانە بوو، لەسەر ئاسمانی هەرێمەکانی رۆستۆڤ، بێلگۆرۆد و بریانسک لە باشووری رۆژاوای وڵات تێکشکێندراون.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتەکە، ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکێندراوەکان بەم شێوەیە بوون:
-
11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڤۆلگۆگراد.
-
8 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای ڕۆستۆڤ.
-
یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بێلگۆرۆد.
-
یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر خاکی پارێزگای بریانسک.
شایەنی باسە، دوێنێ شەممەیش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییان توانیویانە چوار مووشەکی جۆری "نێپتۆن" و 233 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بخەنە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لەسەر ئاسمانی نیمچە دوورگەی قرم و پارێزگای سمۆلێنسک خرانە خوارەوە.