بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئاب (مانگی 8) راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی فراوانبوونی "پڕۆژەی روناکی" و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، 602 مۆلیدەی ئەهلی لە سەنتەری شاری سلێمانی کوژاونەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، دوای کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت و لەبەرچاوگرتنی نرخی سووتەمەنی، نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ یەک ئەمپێر بە (40) چل دینار دیاریکراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مۆلیدەکان لە مانگی ئابدا لە نێوان (275 بۆ 300) کاتژمێر کاریان کردووە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بۆ ئەو مانگە لە گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی لە نێوان (11.000) بۆ (12.000) دیناردا دەبێت.

پڕۆژەی روناکی و کاریگەرییەکانی

کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەهۆی سەرکەوتنی "پڕۆژەی روناکی"، تەواوی سەنتەری شاری سلێمانی چووەتە ژێر چەتری پڕۆژەکەوە و کارەبای24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە. ئەمەش بووەتە هۆی کوژانەوەی 602 مۆلیدەی ئەهلی لە شارەکەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو هاووڵاتیانە کراوە کە گەڕەکەکانیان چوونەتە ناو پڕۆژەکەوە و چیتر پێویستییان بە کارەبای مۆلیدە نەماوە، پێویستە بە زووترین کات حیسابی پارەی مۆلیدەکانیان پاکتاو بکەن.