کۆشکی سپی ئەو بۆچوونانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا، کاریگەریی لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەبووبێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی ئۆکرانیاوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ترەمپدا، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند، بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەنێوان روسیا و ئۆکراین لە میانی گفتوگۆکاندا "پەرەی سەندووە".

ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترەمپ پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتن ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەنگاوی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەبێت بۆ رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە سەرەتا کۆبوونەوەیەک لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجام دەدرێت و دواتر کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان خۆی و پوتن و زێلێنسکی بەڕێوەدەچێت. ئەم گۆڕانکارییەش گومانی ئەوەی لێکەوتەوە کە پوتین کاریگەریی لەسەر ترەمپ هەبووبێت.

لیڤیت لەمبارەیەوە وتی: "سەرۆک ترەمپ لەگەڵ هەردوو سەرکردەکە قسەی کردووە و هەردووکیان ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتن لەگەڵ یەکتردا دەربڕیوە."

وتیشی: "تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئێمە یارمەتیی هەردوو وڵات دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە. لە کۆتاییدا، سەرۆک هەمیشە وتوویەتی کە خاڵی ناکۆک لەم شەڕەدا هەن کە پێویستە لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و بڕیاریان لێبدرێت."