توێژینەوەیەک: جۆرێکی دیاریکراوی وەرزش مەترسیی تووشبوون بە زەهایمەر کەمدەکاتەوە
راهۆز
١٩ی ئابی ٢٠٢٥
لە کاتێکدا نەخۆشیی ئەلزەهایمەر کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەسی بەساڵاچوو لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2060 ژمارەکە دوو هێندە زیاد بکات، توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە جۆرێکی دیاریکراوی وەرزشکردن دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەم بکاتەوە.
توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری "نەخۆشیی ئەلزەهایمەر" (Journal of Alzheimer's Disease) لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە، دەریخستووە کە "وەرزشی دوو-ئەرکی" (dual-task exercises) سوودێکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی مێشک.
وەرزشی دوو-ئەرکی چییە؟
دکتۆرە هیزەر ساندیسۆن، پسپۆڕی چارەسەری سروشتی، رونی دەکاتەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە بریتییە لە ئەنجامدانی چالاکییەکی جەستەیی و هزری لە یەک کاتدا. بۆ نموونە، پیاسەکردن لە کاتی قسەکردندا لەگەڵ کەسێکی تر، بە جۆرێک لە وەرزشی دوو-ئەرکی دادەنرێت.
توێژینەوەکە کاریگەریی ئەم جۆرە راهێنانەی لەسەر ئەو کەسە بەساڵاچووانە تاقیکردووەتەوە کە نیشانەکانی دابەزینی توانای هزرییان تێدا دەرکەوتبوو. دەرەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون؛ دەرکەوتووە کە ئەنجامدانی دوو بۆ پێنج جار لە هەفتەیەکدا (هەر جارێک لەنێوان 30 بۆ 120 خولەک) بووەتە هۆی:
-
باشتربوونی بەرچاوی یادەوەری، سەرنج، توانای شیکارکردنی کێشەکان.
-
زیادبوونی هاوسەنگی و خێرایی رۆیشتن.
-
بۆ یەکەمجار دەرکەوتووە کە ئاستی پڕۆتینی "بێتا-ئمیلۆید"ی کەمکردووەتەوە، کە پڕۆتینێکی زیانبەخشە و پەیوەندی بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە.
نهێنیی کاریگەرییەکەی چییە؟
توێژەران هۆکاری ئەم کاریگەرییە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە ئەم جۆرە وەرزشە مێشک ناچار دەکات لە یەک کاتدا چەند کارێک بکات: زانیاری وەربگرێت، جووڵەکان رێکبخات و سەرنجی خۆی بهێڵێتەوە. ئەم فشارە هاوکاتە چەندین تۆڕی دەماری لە مێشکدا چالاک دەکات، پەیوەندییە دەمارییەکان بەهێز دەکات و نەرمیپێدانی دەماری (neuroplasticity) زیاد دەکات، کە توانای مێشکە بۆ خۆگونجاندن و دروستکردنی رێڕەوی نوێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هیچ راهێنانێک بە تەنها ناتوانێت گەرەنتی پاراستن لە ئەلزەهایمەر بکات. بەڵکو دەبێت ئەم وەرزشە لەگەڵ شێوازێکی ژیانی تەندروستدا پەیڕەو بکرێت، وەک سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگ، بەشداریی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن و شەکرە.
جێی باسە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە نزیکەی %35ی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە (dementia) پەیوەستە بەو هۆکارانەی کە دەتوانرێت دەستکاری بکرێن، وەک قەڵەوی، جگەرەکێشان، گۆشەگیری، کەمبیستن، خەمۆکی و کەمیی چالاکیی جەستەیی.