تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی)، رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت و رایگەیاند، "هاکان فیدان پێی وایە کە چاوەکانی دابخات، هەموو شوێنێک دەبێتە شەو و کورد نامێنێت."

لێدوانەکانی باکرهان لە وەڵامی قسەکانی فیداندا دێت کە وتبووی: "یەپەگە لە سوریا رەوشەکە تێکدەدات، تێکەڵی سیستم نابێت و کەشە ئەرێنییەکە دەشێوێنێت."

باکرهان لەم بارەیەوە وتی: "هاکان فیدان پێی وایە بە وتنی 'کورد و مافەکانی بوونیان نییە' ئیتر بوونیان نامێنێت. بەڵام هاکان بەگ هەڵەیە. هیوادارین بە زووترین کات چاوەکانی بکاتەوە، راستییەکان ببینێت و زمانێک بەکاربهێنێت کە خزمەت بە چارەسەر بکات."

هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی تورکیا رێگری لە هەر هەوڵێکی نزیکبوونەوەی کورد و حکومەتی دیمەشق دەکات و وتی: "رێگری لە هەر نزیکبوونەوەیەکی کورد لەگەڵ دیمەشق دەکرێت. من پرسیار دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق لەنێو خۆیاندا رێک بکەون، ئایا تورکیا رێگرییان لێ دەکات؟ باشە بۆچی؟"

باکرهان بە شێوەیەکی وتیشی: "بەپێی زانیاری من، هاکان فیدان لە کابینەی حکومەتی سوریادا نییە، بەڵام هەموو کار و خەمی بەیانیان و ئێوارانی لەسەر سوریا و هەر دەستکەوتێکی ئەگەریی کوردە لەوێ. جیهان ئەمە دەبینێت و ئەمە دۆخێکی زۆر دڵتەزێنە."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پرسی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی رۆژ و کۆمیسیۆنێکیش لە پەرلەمان بە ناوی "کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە و لە کارەکانی بەردەوامە.