لەماوەی یەك هەفتەدا 40 كەس بەهۆی كۆلێراوە لە هەرێمی دارفوری سودان گیانیانلەدەستداوە
هەساو ئەمیر
١٤ی ئابی ٢٠٢٥
رێكخراوی پزیشكانی بێسنور رایگەیاند، لەماوەی تەنها یەك هەفتەدا 40 كەس بەهۆی پەتای كۆلێراوە لە هەرێمی دارفوری سودان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش خراپترین شەپۆلی كۆلێرایە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا هەرێمەكەی گرتبێتەوە.
رێكخراوی پزیشكانی بێسنور بڵاویكردەوە، دانیشتوانی سودان بەدەست خراپترین شەپۆلی پەتای كۆلێرای چەند ساڵی رابردووەوە دەناڵێنن و كەمی و نەبوونی پێداویستییە پزیشكییەكانیش رێكارەكانی چارەسەری نەخۆشەكانی زیاتر سەختكردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی پەتاكەوە لەماوەی یەك هەفتەدا تەنها لە هەرێمی دارفور 40 كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 300 نەخۆشیشیان چارەسەر كردووە.
بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و خۆراكی باش، پەتای كۆلێرا لە سودان ساڵانە بەشێوەیەكی فراوان بڵاودەبێتەوە، بە جۆرێك تەنها لەماوەی ساڵی رابردوودا وڵاتەكە 100 هەزار توشبووی كۆلێرای تۆمار كرد.