میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لە هانتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا جۆ بایدن دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی هانتەر بانگەوازی کرد کە میلانیا لە رێگەی تاوانباری سێکسی، جێفری ئێپستینەوە، هاوسەرەکەی ناسیوە.

پارێزەرانی خانمی یەکەمی ئەمریکا، کە لە ساڵی 2005 هاوسەرگیری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ئەو بانگەوازانە بە "درۆ، سوکایەتی، ناوزڕاندن و توندوتیژانە" وەسف کرد.

کوڕەکەی بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەو لێدوانانەی دابوو، کە تێیدا بە توندی رەخنەی لە پەیوەندییەکانی پێشووی سەرۆک ترەمپ گرتبوو لەگەڵ ئێپستین.

لە نامەیەکدا کە لەلایەن پارێزەرانی خانمی یەکەمەوە ئاراستەی پارێزەری هانتەر بایدن کراوە، داوایان کردووە کە دەستبەجێ لەو بانگەوازانە پاشگەزبێتەوە و داوای لێبوردن بکات، ئەگەرنا رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و داوای قەرەبووی "زیاتر لە یەک ملیار دۆلار"ی لێدەکرێت.  لە نامەکەدا هاتووە کە خانمی یەکەم بەهۆی ئەو بانگەوازانە تووشی "زیانێکی گەورەی دارایی و ناوبانگی" بووە.

هەروەها کوڕە بچووکەکەی بایدن تۆمەتبار کراوە بەوەی "مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بازرگانیکردن بە ناوی کەسانی ترەوە" و ئەو ئەم قسانەی دووبارە کردووەتەوە "بۆ ئەوەی سەرنج بۆ لای خۆی رابکێشێت".

لە میانەی چاوپێکەوتنێکی فراواندا لەگەڵ فیلمساز ئەندرۆ کالاهان کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکرایەوە، هانتەر بایدن وتی کە بەڵگەنامە بڵاونەکراوەکانی پەیوەست بە ئێپستین، "سەرۆک ترەمپ تێوەدەگلێنن". ئەو وتی: "ئێپستین میلانیا و ترەمپی بەیەکتر ناساندووە - پەیوەندییەکان زۆر فراوان و قووڵن.

هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەو دووانە لەلایەن ئێپستینەوە بەیەکتر ناسێنرابن، کە لە ساڵی 2019 لە زینداندا و لە چاوەڕوانی دادگاییکردنیدا خۆی کوشت.

بەپێی ژیاننامەیەکی گۆڤاری "هارپەرز بازاڕ" لە کانوونی دووەمی 2016، خانمی یەکەم هاوسەرەکەی لە تشرینی دووەمی 1998 لە ئاهەنگێکدا ناسیوە کە لەلایەن دامەزرێنەری ئاژانسێکی مۆدێلینگەوە رێکخرابوو.  میلانیا ترەمپی تەمەن 55 ساڵ، بە گۆڤارەکەی وتبوو کە رەتی کردبووەوە ژمارە تەلەفۆنی خۆی بداتێ چونکە "لەگەڵ کەسێکدا بووە."

ئەم هەڕەشە یاساییە دوای چەندین هەفتە لە گوشار دێت بۆ سەر کۆشکی سپی تاوەکو ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا بکات کە بە "فایلەکانی ئێپستین" ناسراون.