بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، تەلئەبیب نیازی هەیە کۆنترۆڵی سەربازیی تەواوەتی بەسەر کەرتی غەززەدا بسەپێنێت و دواتر رادەستی هێزێکی چەکداری "دیارینەکراو"ی بکات کە بە شێوەیەکی "باش" ئیدارەی بکات.

ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەناراوەکە دەکات کە درێژییەکەی نزیکەی 42 کیلۆمەترە، وتی: "نیازمان هەیە ئەو کارە بکەین". وتیشی: "نامانەوێت بیهێڵینەوە. دەمانەوێت پشتێنەیەکی ئەمنی دروست بکەین. نامانەوێت حوکمڕانی بکەین. نامانەوێت وەک لایەنێکی حوکمڕان لەوێ بین".

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە سروشتی ئەو هێزە چەکدارە نەکرد کە نیازی وایە دوای کۆنترۆڵکردنی، حوکمڕانی کەرتی غەززەی پێ بسپێرێت، یان ئەوەی کە ئایا هێزەکە خۆجێی دەبێت یان دەرەکی.

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، کابینەی ئەمنی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتی غەززە و داگیرکردنی بە تەواوی.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی ئاسایش گفتوگۆیەکی درێژ ئەنجام بدات و پلانێکی سەربازیی فراوان پەسەند بکات بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە یان ئەو بەشانەی کە هێشتا لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئیسرائیلدان.

بەپێی خەمڵاندنەکان، ئۆپەراسیۆنی نوێ بۆ داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە ناوەڕاستی غەززە، بە شاری غەززەشەوە، لانیکەم چەند مانگێکی دەوێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی فەڵەستینی. هەروەها، هێزەکانی ئیسرائیل پێشڕەوی دەکەن بۆ ئەو ناوچانەی کە ئیسرائیل پێیوایە هاوڵاتییە دیلەکانی تێدا راگیراون، کە ئەمەش لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.

ناتانیاهۆ خۆی بۆ فراوانکردنی جەنگ ئامادە دەکات، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییە زۆرەکان بۆ راگرتنی شەڕ و گرنگیدان بە قەیرانی مرۆیی لە کەرتەکە، و لەگەڵ دژایەتی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی خۆی.