عراقچی: ئێران لە جاران زیاتر هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانی دەدات
٢١ی تەمووزی ٢٠٢٥
بڕیارە رۆژی هەینی، دانوستانەكانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمی لە ئیستەنبوڵ دەستپێبكاتەوە.
لە دوای ئەوەی تەلەفزیۆنی ئێرانی بڵاویكردەوە، كە هەینی داهاتوو لە ئیستەنبوڵ دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و وڵاتانی ترویكای ئەوروپی كە بریتین لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەستپێدەكاتەوە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، ئەمجارە لە دانوستانەكاندا توندتر و بەهێزتر دەبن، دەبێت ئەوروپییەكان هەڵوێستی ئێران بزانن، لەو كۆبوونەوەیەشدا كاری زۆر هەیە كە پێكەوە بیكەن.
جەختیشی كردەوە لەوەی، لە دوای ئەو جەنگەی رویدا، ئێران لە جاران زیاتر هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانی دەدات.
رۆژی هەینی رابردوو، عراقچی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا بەریتانی و فەرەنسی و ئەڵمانییەكەی و "كایا كالاس" لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامدا، لەو پەیوەندییەشدا ئەوروپییەكان هۆشدارییاندا لەوەی، ئەگەر ئێران بەمنزیكانە نەگەڕێتەوە دانوستانەكان، رێكارێكی خێرا دەگرنەبەر بۆ سەپاندنەوەی سزاكان بەسەریدا.