ئێران ئەمڕۆ شەممە پرسەیەکی مێژووی بۆ 60 فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دا کوژراون. 

ئەم مەراسیمە لە چوارەمین رۆژی ئاگربەستدا دێت، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ لە لێدوانێکیدا بە هەڕەشەوە رایگەیاند، ئەگەر دەستبکاتەوە بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی رەنگە بیر لە هێرشکردنەوە سەری بکەمەوە. 

مەراسیمەکە سەعات 8:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی تاران لە مەیدانی ئینقلاب لە ناوەڕاستی تاران دەستپێدەکات و دواتر کاروانی تەرمەکان بەرەو مەیدانی ئازادی بەڕێدەکەوێت، کە نزیکەی 11 کیلۆمەتر دوورە و بە درێژایی ئەو رێگەیە هاووڵاتیان پێشوازی لە تەرمی ئەو زانا و فەرماندە کوژراوانە دەکەن.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بەلانیکەمەوە 30 فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژراون، لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپا و ئەمیرعەلی حاجی زادە، سەرۆکی هێزی ئاسمان سوپا کە سەرپەرشتیی بەرنامەی مووشەکە بالیستییەکانی وڵاتەکەی دەکرد هەبوون، جگە لە نزیکەی 13 زانای ئەتیۆمی باڵا.