توێژینەوەیەک: خۆشۆردن بە ئاوی سارد مەترسیدارە
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ناوەڕاستی وەرزی هاوین و زیادبوونی زیاتری پلەکانی گەرما، ویستی خەڵکی بۆ خۆشۆردن بە ئاوی سارد زیاتر دەبێت، بەڵام کۆمەڵێک توێژەر ئاشکرای دەکەن کە خۆشۆردن بە ئاوی سارد لە وەرزی هاویندا مەترسیدارە.
کۆمەڵێک توێژەر لە ماڵپەڕی هەواڵیی (Conversion) بابەتێکیان بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکەن بەکارهێنانی ئاوی سارد بۆ خۆشۆردن و فێنکبوونەوە، بەجۆرێک پلەی گەرمیی ئاوەکە لە خوار 15 پلەی سیلیزییەوە بێت، دەبێتەهۆی گرژبوونی لوولەکانی خوێن و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، ئەم بارودۆخە بەتایبەت لەو کەسانەدا مەترسیدارە کە نەخۆشیی دڵیان هەیە، چونکە گۆڕانی لەپڕی پلەی گەرمیی جەستە، دەکرێت ببێتەهۆی ناڕێکیی لە لێدانی دڵ.
توێژەران دەڵێن، باشترە پلەی گەرمیی ئەو ئاوەی لە وەرزی هاویندا بۆ خۆشۆردن و فێنککردنەوەی جەستە بەکاردێت، نزیکەی 25 پلەی سیلیزی بێت، تاوەکو هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جەستەی مرۆڤ بەجێ نەهێڵێت.
هاوکات باس لەوەش دەکەن، دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی قاوە و ئەو پۆشاکانەی رەنگیان رەشە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پلەی گەرمیی جەستە دەبێت.