د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 12ـی 6ـی 2025 لە بەغداد لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و ئابووری وڵات و هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو و چۆنیەتی مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەکە تاوتوێکران و سەرۆک کۆمار تەئکیدی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی سەرجەم عیراقییەکان و هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە کەشێکی دیموکراسیدا کردەوە لەپێناو بەدیهێنانی خواستەکانیان بۆ ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر.

هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا باس له پرسه جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا و رۆڵی عیراق و هەوڵەکانی لە پتەوکردنی بناغەکانی سەقامگیری له ناوچەکەدا هەلسەنگێنرا.