عیراق: هیچ پێشهاتێکی خراپی ئەمنی لە عیراق بوونی نییە
رەوەز
١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق رەتی کردەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی نوێنەری دیپلۆماسیی ئەمەریکا پەیوەندی بە پێشهاتی ئەمنییەوە هەبێت.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: “بڕیاری کەمکردنەوەی نێردەی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە عیراق پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، هیچ پێشهاتێکی ئەمنیش لە وڵاتەکەدا لە ئارادا نییە.”
نوعمان تەکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کە “هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە دۆخی ئەمنیی عیراق سەقامگیرە، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکانیش هیچ هەڕەشەیەک لەسەر نوێنەرە دیپلۆماسییەکان نییە.”
دوێنێ چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا فەرمانی بە کشانەوەی کارمەندە لاوەکییەکانی لە عیراق کرد و هۆیەکەی بۆ “زیادبوونی گرژییەکانی ناوچەکە و هەڕەشە لەسەر کارمەندانی ئەمەریکی” گەڕاندەوە.
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوەش کراوە کە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا رێگەیان پێ نادرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەکار بهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داواش لە هاووڵاتییانی دەکات کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گەشت بۆ عێراق نەکەن.