کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە رەوشی عیراق بەڕێوەدەچێت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عیراق دەڵێت: بەغداد هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە سەقامگیری.

محەمەد ئەلحەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق رایگەیاند: زیاتر له 100 هەزار ئاوارەی ئێزدی له کەمپەکان رووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبنەوه.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت حکومەتی عیراق قەرەبووی ئێزدییەکان بکاتەوە و دەرفەتی ژیانکردن و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت و لە هەموو روویەکەوە قەرەبووبکرێنەوە.

سەبارەت بە کێشەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێم رایگەیاند، دەبێت کۆتایی بە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بهێنرێت و بە گفتوگۆ بگەنە رێککەوتن.

ئەوەشی خستەڕوو، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانمان  نوسینگەکانمان لە لە نەینەوا و کەرکوک داخستووە، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کۆتایی بە ئەرکەکانمان لە عیراق دەهێنین.