د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە شاری نیس کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە ئامادەی بوو، سەرۆک کۆمار سوپاسی ئیمانوێل ماکرۆنی کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ فەرەنسا و کۆستاریکا خواست لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە.

سەرۆک کۆمار پەرۆشی خۆشی بۆ پەرەپیدانی پەیوەندییە نایابەکانی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی بۆ ئاستێکی پێشکەوتووتر و پەرەپێدانی ئامرازەکانی هاریکاری بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دۆست بکات.

ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کرد بۆ پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد سەبارەت بە بابەتەکانی سەر کارنامەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقینوسەکان و راسپاردەکانی سەبارەت بە پاراستنی زەریاکان و سەرچاوە ئاوییەکان لە پیسبوونی ژینگە و چالاککردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە.

 هەروەها لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکرد و جەختیان لەسەر پێویستی هەوڵی نێودەوڵەتی زیاتر کردەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و زیادکردنی دەرفەتی ئاشتی.

لە بەرانبەردا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەسەر قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشی بەردەوامی فەرەنسا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاری هاوبەش کردەوە و ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ پشتیوانیکردنی عیراق لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری .