کەشناسی عیراق: پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی کوڵان
محەمەد رزگار
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
کەشناسی عیراق هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی گەرما و دەڵێت:پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی کوڵان.
کەشناسی گشتی عیراق بڵاویکردەوەتەوە، لە رۆژی 13ـی6ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز عیراق دەگرێتەوە، کە لە هەندێک ناوچە 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شارەکانی خواروو عیراق پلەکانی گەرما دەگاتە 49 بۆ 52 پلەی سیلیزی، هەروەها لە شارەکانی ناوەڕاستی عیراق 49 بۆ 50 سیلیزی دەبێت.
کەشناسی عیراق راشیگەیاندووە، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما دەگاتە 44 بۆ 46 پلەی سیلیزی.
کەشناسی عیراق داواش دەکات، لە ماوەی هاتنی ئەو شەپۆلی گەرمایە، هاووڵاتیان راستەوخۆ نەچنە بەردەم تیشکی خۆر بە تایبەت لە کاتەکی نیوەرۆ تا پاش نیوەڕۆ.
هەروەها داواشدەکات هاووڵاتیان بابەتە شلەمەنییەکان زیاتر بخۆنەوە و بەهیچ شێوەیەک ماددەی سوتێنەر و پاڵەپەستۆکراوە لە ناو ئۆتۆمبێلداجێنەهێڵن.