هاتوچۆی دوکان رایگەیاند، رێگە بە هاتنەناوەوەی ماتۆڕسکیلی تۆمارنەکراو بۆ  قەزاکە نادەن، ئەو گەشتیارانەشی ماتۆڕسکیلیان پێیە و رێگەیان پێدەدرێت، ئەوانەن کە تۆمارکراون و مۆڵەتی شۆفێریان هەیە.

کۆسرەت عەبدوڵا لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی دوکان رایگەیاندووە، لە دەروازەی قەزای دوکانەوە خاڵی پشکنین هەیە و رێگا بە هاتنەناوەوەی ماتۆڕسکیلی تۆمارنەکراو و ئەو ماتۆڕسکیلانە نادەن کە شۆفێرەکانیان مۆڵەتی نییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی گەشتیاران بە کورد و عەرەبەوە بە ماتۆڕسکیل دەچنە قەزاکە، بەڵام رێگە بەوانە دەدرێت کە مۆڵەتیان هەیە و ماتۆڕەکانیشیان تۆمارکراون، هەروەها کەرستەی خۆپارێزییان بەکارهێناوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رێکارەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماتۆڕسکیلەکان توندکردووەتەوە و دەست بەسەر ماتۆڕسکیلە تۆمارنەکراوەکاندا دەگرن و رێگەش نادەن شۆفێران بەبێ مۆڵەت ماتۆڕسکیل لێبخوڕن.